دوای بێهیوابوون لە لایەنی پەیوەندیدار

خێرخوازان فریای قوتابخانەیەکی خورماتوو کەوتن

سیروان خورشید – خورماتوو

ماوەی 14 ساڵە گۆڕەپانی قوتابخانەیەکی خورماتوو کێشەی هەیە و ناڕێکە و ئەمەش گرفتی بۆ قوتابییەکان دروستکردووە و زۆر جار کەوتوون و برینداربوون، ئێستاش قوتابخانەکە بە هاوکاری خێرخوازان و دایکوباوکی قوتابییان دەستیکردووە بە رێکخستنەوە و سەبکردنی گۆڕەپانەکە و بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، پێویستییان بە هاوکاری زیاترە.

مەحەمەد نەجات، نوێنەری قوتابحانەی نەورۆز بۆ 964 قسەی کرد و وتی،  چەند ساڵێکە دۆخی قوتابخانەکەمان بەو شێوەیە و ساڵانە زیان بە قوتابیان دەگات و لە ساڵی 2012ەوە چەندین جار داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە حەوشەی قوتابخانەکەمان بۆ کۆنکرێت بکەن، بەڵام بێ وەڵام بوون.

وتیشی، لە رێگەی خێرخوازانەوە بەشێکی پارەکەمان کۆکردووەتەوە و ئەوەی دیکەیمان قەرز کردووە، بۆیە داوا لە دایکان و باوکانی قوتابیان دەکەین هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکەمان بدەینەوە.

​ئەکرەم عەبدولکەریم، سەرپەرشتیاری خێرخوازانی خورماتوو بۆ مایکی 964 دەڵێت، ئێمە لە هەر کوێ کەموکوڕییەک هەبێت، بە هەوڵی خێرخوازان هاوکارییەکان دەگەیەنین و چەندین قوتابخانەی دیکەش هەن و ئەگەر هاوکاریمان بکەن ئەوانەش چارەسەر دەکەین.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر