"ئاوا بڕوا چوار دەفتەر زەرەر دەکەین"

دۆلار بازاڕی ئۆتۆمبێلی راگرت و مەعرەزەکان چۆڵ بوون

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دۆلار بازاڕی ئۆتۆمبێلی راگرت و ئەمڕۆ نیوەی مەعرەزچییەکان بەس بۆ چاخواردنەوە دوکانەکانیان کردووەتەوە.

سەعد سەرهەنگ وەکالەی کۆمپانیای ئێم جی (MG) هەیە شاری هەولێر، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەمڕۆ ئێمە بۆ کاسبی نەهاتووین بەس لۆ چاخواردنەوەی هاتووین، ئەگەرنا ئەو مەعرەزانەی بە دۆلار مامەڵە دەکەن، کەس نە سەیاری کڕیوە و نە فرۆشتوویەتی”.

“ئەگەر ئەم وەزعە بەردەوام بێ و دۆلار نەیەتێ خوارێ، تا مانگێکی دیکە چوار دەفتەر دۆلار زەرەر دەکەین”، سەعد سەرهەنگ وادەڵێت.

ئەوان بە دۆلار سەیارەکانیان کڕیوە و بە دینار دەیفرۆشنەوە، بۆیە وەک خۆی دەڵێت، شەریکی ئێم جێ پێی وتوون کڕین و فرۆشتن رابگرن و تا ئەو کاتەی نرخی دۆلار نەیەتەوە دەورووبەری 155 هەزار دینار، مامەڵە نەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکێکی زۆر لەناو بازاڕ تووشی زەرەر و زیان بوون و برادەری مۆبایل فرۆشی هەیە لە سەعاتێکدا 80 ملیۆن دینار زەرەری کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری