وەزیری دارایی "پشتیوانی دەکەم"

ئەحمەد ئیسماعیل “سەرمایەداری نیشتمانی” داوای شایستە داراییەکانی کارەبا لە حکومەتی هەرێم دەکات

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی پێشوازی لە ئەحمەد ئیسماعیل سەرمایەداری نیشتمانی و خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل کردووە و پشتیوانی لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کارەبای بۆ ناوبراو دووپاتکردووەتەوە.

گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل، خاوەنی سێ وێستگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و توانای بەرهەمهێنانی چوار هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، کە دەکاتە نزیکەی لە 65٪ی پێداویستی کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەت، ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ئەحمەد ئیسماعیل سەرمایەداری نیشتمانی هەرێمی کوردستان کردووە و وەزیرییش ستایشی کارەکانی کرد کە ماوەی چەندین ساڵە بەشێکی زۆری کارەبای نیشتمانی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.

لە بەشێکی دیدارەکەدا پرسی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو گروپە کۆمپانیایە کراوە و وەزیری دارایییش پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دووپاتکردەوە و وتویەتی سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی چەندین ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و بووەتە هۆی خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام گروپی کۆمپانیاکانی ئەحمەد ئیسماعیل لە روانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی بەردەوام بوون لە دابینکردنی کارەبا بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان، لەو روانگەیەشەوە پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکانیان دووپات کردەوە.