نرخەکەى بەرزە
“بەرمیلێک نەوت بە 325 هەزار دینار دەگاتە بەردەم ماڵەکەت”
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
بەهۆی گۆڕانکاری و بەرز و نزمییەکانی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، نرخی نەوتی سپی ماڵان لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا تێچووی یەک بەرمیل نەوت تا دەگاتە بەردەم ماڵان گەیشتووەتە 325 هەزار دینار.
ئەمڕۆ چوارشەممە (14-10-2026)، شێروان ئەحمەد، کە مامەڵەکارێکی نەوتە لە بازاڕدا، بە 964ـى راگەیاند: بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا، نرخی یەک بەرمیل نەوت 30 هەزار دینار چووەتە سەر. بەڵام ئەگەر دەست بکرێت بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچەکانی ماددەی 140، ئەوا بێگومان نرخەکان دادەبەزن.
لاى خۆیەوە عومەر عادل کە مامەڵەکارێکی دیکەی نەوت، سەبارەت بە کواڵیتی و نرخی نەوتەکە بۆ 964 روونیکردەوە، ئەو نەوتەی بە 325 هەزار دینار دەگاتە بەردەم ماڵەکان، نەوتێکی پلە یەک و باشە، هەرچەندە لە پشکنینەکاندا کەمێک ناقیس دەردەچێت لە رووی پیسییەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کواڵیتییەکەی زۆر باشە.
ئەو مامەڵەکارە مژدەیەکی دا بە هاووڵاتیان و وتی،”بڕیارە 2 رۆژی دیکە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچەکانی ماددەی 140 دەست پێبکات، بەمەش راستەوخۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا دێتە خوارەوە و هەرزان دەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح