12 گۆڵى لێکراوە

عێراق بۆ هەر گۆڵێک کە لێى کراوە 1 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت


ژوورى هەواڵ

لە پاڵەوانێتییەکی گەورەی وەک مۆندیالدا، تەنیا کێبڕکێی ناو یاریگا و بردنەوەی نازناوەکان گرنگ نین، بەڵکو لە پشت پەردەوە دەیان ملیۆن دۆلار لە نێوان هەڵبژاردە، یانەکان و خودی فیفادا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

توانا نەقی، نێردراوی 964 لە ئەمریکاوە لە راپۆرتێکی ڤیدیۆییدا وردەکاریی دابەشکردنی پارەکانی مۆندیالی خستووەتەڕوو، کە تێیدا هەڵبژاردەی عێراق سەرەڕای دەرکرانی لە قۆناغى کۆمەڵەکان، بەڵام پارەیەکی باشی کۆکردووەتەوە.

توانا نەقى روونى دەکاتەوە کە هەر هەڵبژاردەیەک کە بەشداری مۆندیال دەکات، بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار وەک پێشەکی بۆ خەرجییەکانی پێدەدرێت، دواتریش 10 ملیۆن دۆلاری دیکە دەخرێتە سەر هەژمارەکەی، بەو پێیەش عێراق هێندەى ژمارەى گۆڵە لێکراوەکانى، ملیۆن دۆلارى وەرگرتوون.

بۆ ئەم وەشانەی مۆندیال، فیفا کیسەکەی شل کردووە و بڕی 871 ملیۆن دۆلاری بۆ پاداشتی هەڵبژاردە بەشداربووەکان تەرخان کردووە، ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی مۆندیالی رابردووە کە تەنیا 440 ملیۆن دۆلار بوو.

شێوازی دابەشکردنی پاداشتەکانیش بەپێی قۆناغەکان بەم شێوەیەیە:
پاڵەوان (پلەی یەکەم): 50 ملیۆن دۆلار
پلەی دووەم: 33 ملیۆن دۆلار
پلەی سێیەم: 29 ملیۆن دۆلار
پلەی چوارەم: 27 ملیۆن دۆلار
قۆناغی 8: هەر هەڵبژاردەیەک 19 ملیۆن دۆلار
قۆناغی 16: هەر هەڵبژاردەیەک 15 ملیۆن دۆلار
قۆناغی 32: هەر هەڵبژاردەیەک 11 ملیۆن دۆلار
وەک ئەوەى نێردراوى 964 خستویەتییەڕوو، فیفا بڕی 335 ملیۆن دۆلاری بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو یانانە تەرخان کردووە کە یاریزانەکانیان ناردووەتە مۆندیال. سیستەمەکە بە جۆرێکە، بۆ هەر رۆژێکی مانەوەی یاریزانێک لە پاڵەوانێتییەکەدا، 5 هەزار دۆلار دەچێتە سەر هەژماری یانەکەی.

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بە بەشداریکردنی 19 یاریزان پشکی شێری بەردەکەوێت، بەدوای ئەویشدا یانەکانی بایرن میونشن، ئارسناڵ، پاریس سانجێرمان، بەرشەلۆنە و ریال مەدرید دێن، کە بەهۆی زۆریی یاریزانەکانیانەوە رۆژانە هەزاران دۆلار دەچێتە قاسەکانیانەوە.
فیفا ئەم هەموو پارەیە لە کوێ دەهێنێت؟
سەرەڕای بەخشینەوەی ئەم هەموو پاداشتە، چاوەڕوان دەکرێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) قازانجێکی خەیاڵی بکات کە مەزەندە دەکرێت بگاتە 13 ملیار دۆلار.
سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکانی فیفا پێکدێن لە:
4 ملیار دۆلار لە کرێی پەخشی تەلەفزیۆنی.
3 ملیار دۆلار لە فرۆشتنی بلیت.
3 ملیار دۆلار لە رێککەوتن و سپۆنسەرەکانەوە.
چەند ملیارێکى تر لە ریکلام و رێگا جۆراوجۆرەکانى پەیداکردنى پارە.