کێبڕکێی نرخە
داشکاندێکی 10 رۆژە لە قامیشلۆ دەستی پێکردووە
ئیبراهیم حەسەن – قامشلۆ
فێستیڤاڵی بازرگانیی قامیشلۆ دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 10 رۆژ لە شەقامی 12ی ئازار، لە نزیک یاریگای شارەوانی و پارکی گشتیی شار بەڕێوەدەچێ و هەرچی لەوێ دانراوە داشکاندنی لەسەرە.
محەمەد شلاتی، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە بە 964ی وت، فێستیڤاڵەکە تا 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کۆمپانیا بازرگانییەکانی چەند ناوچەیەکی سوریا بەشداریی تێدا دەکەن.
بەپێی قسەکانی شلاتی، نیوەی کۆمپانیا بەشداربووەکان لە دیمەشقن و نیوەی دیکەشیان لە حەلەب، تەرتووس و چەند پارێزگایەکی دیکەوە چوونەتە شارەکە.
ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی قامیشلۆ و بەڕێوەبەرایەتیی قەزاکانەوە رێکخراوە، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێ، نرخی کاڵاکان کێبڕکێکارانەیە و داشکاندنی لەسەرە و بە وتەی ئەو، لە بازاڕ و دوکان و مۆڵەکاندا بەو نرخانە بەردەست نین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا