لە هەڵمەتە فراوانەکەی شەوی رابردوو

رۆیتەرز: بەشێک لە بەرپرسانی ناوچەی سەوز پێش ئەوەی دەستگیربکرێن هەڵاتوون

فەرهاد هەسەن

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئەمنی و یاساییەوە بڵاویکردەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکە بژاردەکانی دەزگای دژەتێرۆری عێراق هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک سیاسی و بەرپرسی باڵا لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستپێکردووە، بەڵام بەشێکیان پێش دەستگیرکردنیان هەڵاتوون.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، هەندێک لەو بەرپرسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان رابکەن و هەڵبێن، ئەمەش وایکردووە هێزە ئەمنییەکان سەرجەم دەروازەکانی چوونە ناوەوە و هاتنەدەرەوەی ناوچەی سەوز بە تەواوەتی دابخەن و پڕۆسەیەکی گەڕانی ورد و بەرفراوان دەستپێبکەن.

بەقسەی سەرچاوەکان ئەم هەڵمەتە دوای دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی باڵای پێشوو دێت، لەوانە بریکاری وەزیری نەوت، کە بە تۆمەتی “گەندەڵی دارایی” دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ئەو بەرپرسانە بووەتە هۆی ئاشکرابوونی ناوی چەندین سیاسی و پەرلەمانتاری دیکە و دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی نوێ بۆیان.

ئاژانسەکە دەڵێت، هەڵمەتەکە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە و پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام بێت و ناوی دیکەش بگرێتەوە.

حکومەتی عێراقیش بە فەرمی ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی 12 کاتژمێردا 47 بەرپرسیان دەسیگیر کردوووە، ئەوەش بەفەرمی و لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی جومەیلی، ناوی ئەو تۆمەتبارانەی دۆسیەکانی گەندەڵی بڵاوکرایەوە کە لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسانن و دەستگیرکراون.