وه‌زیری نه‌وتی عێراق:

هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ رێگه‌ی بۆری كۆنی عێراق – توركیا ده‌ستیپێكرد

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ رێگه‌ی بۆرییه‌ كۆنه‌كه‌ی عێراق – توركیا ده‌ستیپێكرد.

باسم محه‌مه‌د خزه‌ییه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17.11.2026 بۆ رۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی نیمچه‌فه‌رمی قسه‌ی كردووه‌ و ده‌ڵێت: هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له‌ رێگه‌ی بۆری كۆنی عێراق – توركیا ده‌ستیپێكرد و بۆرییه‌كه‌ ئێستا توانای ره‌وانه‌كردنی 120 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ی هه‌یه.‌

وتیشی، كارده‌كرێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بڕی هه‌نارده‌‌كه‌ بۆ 500 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌.

جگه‌ له‌و پێشهاته‌ نوێیه‌، ئێستا کۆی گشتی هەناردەی نەوتی عێراق بە هەردوو ناوچەی باشوور و باکوورەوە رۆژانە نزیكه‌ی سێ ملیۆن به‌رمیله‌، کە لەو بڕە نزیکەی 300 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەكرێت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان.

به‌هۆی داخستنی گه‌رووی هورمزه‌وه‌، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق زۆر سنووردار بووه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی بۆ داهات دروست كردووه‌ و حكومه‌ت كه‌وتووه‌ته‌ بارێكی له‌ناكاوی داراییه‌وه‌.