لە کرواتیا ببنەوە
ئێران بۆ هەڵبژاردەى گانا: پێمان خۆشە قەرزاری ئێوە بین
964+
وریا فەتاح
هەڵبژاردەى ئێران چاوەڕییە وەک یەکێک لە باشترین سێیەمى قۆناغى کۆمەڵەکان، بپەڕێتەوە بۆ قۆناغى 32، بۆ ئەمەش کۆمەڵێک وردەکارى و حسابات هەیە کە پەیوەستە بە ئەنجامى یارییەکانى ئەمشە و بەرەبەیانى سبەی، بەڵام بردنەوەى غانا لە کڕواتیا چاوەڕوانییەکەیان کۆتایى پێدەهێنێت و بلیتێکى ئەو قۆناغە وەردەگرن.
لە هەنگاوێکی دەگمەنی دیپلۆماسی کە تێکەڵ بە جۆش و خرۆشی وەرزشی کراوە، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی گانا، پەیامێکی فەرمی و سەرنجڕاکێشی ئاراستەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەو وڵاتە کردووە و بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ راگەیاندوون.
باڵیۆزخانەی ئێران لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، پەیامەکەی بە ناونیشانی “ئەستێرە رەشە ئازیزەکان” (کە نازناوی هەڵبژاردەی غانایە) دەستپێکردووە و تێیدا هاتووە، “ئەمشەو هەموو باڵیۆزخانەکانی ناو ئاکرا (پایتەختی غانا) بێلایەنن، تەنیا یەکێکیان نەبێت”، کە مەبەستیان باڵیۆزخانەی خۆیانە و ئەمشەو وەک هاندەرێکی سەرسەخت لەگەڵ گانادان.
ئەم پەیامەی باڵیۆزخانەی ئێران پەیوەندی بە حیساباتی ئاڵۆزی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئێرانەوە هەیە بۆ قۆناغی داهاتوو. بۆیە دەڵێت: “چەند رێگەیەکی تر هەن بۆ ئەوەی ئێمە سەربکەوین، دەتوانین چاوەڕێی ئەنجامی جەزائیر بکەین، یان چاوەڕێی دۆڕانی کۆنگۆ بکەین کە بەرامبەر ئۆزبەکستان یاری دەکەن”.
بەڵام لە کۆتایی پەیامەکەدا، باڵیۆزخانەی ئێران داواکارییەکی تایبەت ئاراستەی یاریزانانی گانا دەکات و دەنووسێت: “ئێمە پێمان خۆشترە قەرزاری ئێوە بین، بۆیە لە کرواتیا ببەنەوە”.