مادە خۆراکییەکان لای بریکارێکی دابەشکردنی بەشە خۆراک - وێنە: ئەرشیفی 964
خۆراکی هەولێر وادەڵێت:
ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەی بەشە خۆراکیان بڕابوو ئەمجارە دەتوانن وەریبگرن
شۆڕش قادری
زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەرزی موچەکانیان، بەشە خۆراکیان بڕابوو، بۆ ئەمجارە ناویان هاتووەتەوە و خێزانەکانیان دەتوانن ئازووقەی مانگی رابردوو وەربگرن.
بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی هەولێر لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، ئەو هاوڵاتیانەی لەسەرەتای ئەم ساڵەوە بەشە ئازووقەکانیان راوەستابوو بەهۆی ئەوەی موچەکانیان لەسەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینارەوەیە، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە پاسەوانی سنوور بوون و موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگرت، بۆ ئەمجارە بەشێکی زۆریان ناویان گەڕاوەتەوە و ئەندامانی خێزانەکانیان دەتوانن ئازووقەکە وەربگرن لەلای بریکارەکانیان.
بەشە ئازووقەی ئەمجارە، سەبەتەی حەوتەمە و لەسەر لیستی مانگی 10ـەیە، سەرۆک خێزان لەبەر بەرزی موچەکەی ناتوانێ بەشە ئازووقە وەربگرێت و تەنیا ئەندامانی خێزانەکەی دەتوانن.
دەقی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی هەولێر لە خوارەوە؛
ئاگاداری ئاگاداری…..
ئاگاداریەک لەبەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێرەوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لەسەرەتای ئەم ساڵەوە بەشە ئازووقەکانیان ڕاوەستابوو بەهۆی ئەوەی مووچەکانیان لەسەرووی (1،500,000)ە، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە پاسەوانی سنوور بوون و مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەردەگرت لەم بەشە ئازووقەی ئەمجارە کەسەبەتەی حەوتەمە لەسەر لیستی مانگی (10) بەشێکی زۆریان ناویان گەڕاوەتەوە ئەندامانی خێزانەکە دەتوانن بەشە ئازووقەکانیان وەربگرن لەلای بریکارەکانیان، بەڵام سەرۆک خێزان وەرناگری لەبەر بەرزی مووچەکەی.
بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر