"بەشەرتی پەمەیی و زبر و شیرینی"

نۆبەرەی شووتیە بەناوبانگەکەی شارەزوور کەوتە بازاڕەوە “هەرزانیشە”


بڕوا مەجید _ شارەزوور

​نۆبەرەی بەرهەمی شووتیی دەشتی شارەزوور گەیشتە ناو بازاڕی قەزاکە و بەهۆی سروشتی بوون و کوالێتییەکەیەوە، سەرنجی کڕیارانی ڕاکێشاوە و شووتی فرۆشێکیش دەڵێت “نرخەکەی هەرزانە”.

​بڕوا کامەران، فرۆشیارەکەیە، پیکابێک باری شوتیی گوندی “چەناخچیان”ی هێناوەتە ناو بازاڕ و کیلۆی بە 400 دینار دەفرۆشێت، بە 964 وت “ئەمە یەکەم ڕۆژ و یەکەم بەری شوتییەکەی شارەزوورە و ئێمەش بەشەرتی زبری، شیرینی و بەتایبەت بێدەرمانی دەیفرۆشین.”
​باس لەوەدەکات، ئەگەر شووتی سروشتی بێت و دەرمانی تێنەکرێت، ڕەنگەکەی پەمەییە، بەڵام ئەگەر دەرمانی پێگەیشتنی خێرای تێبکرێت، ڕەنگەکەی سوورێکی تۆخ دەبێت. بۆیە لێرە بۆ هەموو کڕیارێک بە شەرت پێیدەدەن.

لەوەتەی هەیە، ​دەشتی شارەزوور بە یەکێک لە دەشتە هەرە بەپیتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت و ئێساش کە شوتییەکەی پێگەیشتووە فرۆشیاران بەبێ منەتی دەیفرۆشن.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن