بۆ نەوجەوانان

هەر ماددەی هۆشبەر بەناوە، جگەرە و کحول ترسناکترە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

کاروان حەمەفەرەج چارەسەرکای دەروونی دەڵێ، هەندێک منداڵ کە دایک و باوکیان لەدەست دەدەن بۆ راکردن لەو واقعە پەنا بۆ ماددەی هۆشبەر دەبەن، لە حاڵێکدا باسی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێ، بەڵام جگەرە و کحول ترسناکترە بۆ ئەوان.

ئەمڕۆ 26.6.2026، لە جیهان رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیی نایاساییە پێیانەوە: ئەم رۆژە لە ساڵی 1987وە دیاری کراوە بۆ زیادکردنی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر و بەهێزکردنی ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنبڕکردنی.

ئەو چارەسەرکارییە دەروونییە، باس لە هۆکارەکانی بەردەم نەوجەوانان دەکات بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێ، ژینگەی بەشێک لەوانەی تووشبوو و ئاڵودەی ماددەی هۆشبەرن دوای چاکبوونەوە گەورەترین گرفتن، کە هەندێکیان هەن بۆ دووبارە دەستکەوتنەوە دزیان کردووە، و هەندێکیان لە بەکارهێنەرەوە بوون بە بازرگان.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، چەندین سمیناری لە ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان کردووە، لە رووی مەیدانیشەوە، زیاتر لە 460 پۆستەری هۆشیاری کە زیانە جەستەییەکانی ماددەی هۆشبەر رووندەکەنەوە لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراون، هاوکات 16,000 نامیلکەی هۆشیاری بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراون.

گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، توێژی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 40 ساڵ زۆرترین ئامانجی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن، ئامارەکان دەریدەخەن کە 80%ـی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2025دا دەستگیرکراون، لەم گرووپە تەمەنییەدان، هەروەها زنانیش لەم مەترسییە بەدەر نین، بەوپێیەی لە کۆی دەستگیرکراوانی ساڵی رابردوو، 4%ـیان لە رەگەزی مێ بوون.