"تۆیش وەک ئێمە منداڵ بوویتەوە"

مامۆستایەک لە کۆیە هاوشێوەی قوتابیەکانی جل دەپۆشێت

دەریا ئەحمەد – کۆیە

مامۆستایەکی وانەی کوردی لە قوتابخانەی نەجیبەخانی جەلیزادەی بنەڕەتی لەکۆیە بڕیاریداوە هاوشێوەی قوتابیەکانی یەکپۆشی بکات و لە هەمان جل و بەرگی ئەوان کە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لێداوە، لەبەر بکات.

مامۆستاکە دەڵێت،”پێم خۆشبوو خۆم لە خوێندکارەکانم جیانەکەمەوە  و ئەوانیش دڵخۆشن بەم بڕیارەم”

رابەر محەمەد مامۆستا لە قوتابخانەی نەجیبەخانی جەلیزادە بە 964ـی وت، ئەم بیرۆکەیەم بۆ هات کە خۆم لە خوێندکارەکانم جیانەکەمەوە و حەزی خۆشمە کە هاوشێوەی ئەوان کە جلەکەیان یەکپۆشیە، منیش لە هەمان شێوازی دیارکراوی جلی ئەوان بپۆشم.

“یەکەم ڕۆژ کە قوتابیەکانم بەم جلانەوە منیان بینی زۆر پێکەنین و دڵخۆش بوون، تەنانەت یەکێکیان پێی وتم، مامۆستا تۆش وەک ئێمە منداڵ بوویتەوە”.رابەر محەمەد وای وت.

مامۆستا رابەر محەمەد، ناسراوە ە مامۆستا رابەری ئەلف و بێ، ساڵانە چالاکی جۆرا و جۆر بۆ قوتابیەکانی رێکدەخات و بەهۆی شێوازە تایبەتەکەی بۆ وانە وتنەوە، هەموو دایک و باوکێک حەزدەکات خوێندکارەکەی لە پۆلی یەکەمەوە لەبەردەستی ئەو پەروەردە ببێت.

تەحسین زرار، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش پێشوازی لەم بریاری یەکپۆشیەی مامۆستاکەی کرد و بە 964 ـی وت، هەموو مامۆستاکانم هەمیشە کاری باش بۆ قوتابخانەکەمان دەکەن بەڵام مامۆستا رابەر هەمیشە کاری جیاواز دەکات و وزەیەکی گەورەیی هەیە و هاوڕێیەتیەکی زۆر پتەو لەگەڵ قوتابیەکانی دا دروست دەکات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی