بۆ ئامادەکردنی زەخیرەی زستان

گەنم کوڵاندن وەک بەشێک لە کەلتووری ژنی کورد

ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییەکانی وەرزی گەرما، هاووڵاتییان لە ناوچە جیاوازەکان دەست دەکەن بە ئامادەکاریی بۆ وەرزی زستان و کۆکردنەوەی زەخیرە. لەم نێوەندەشدا، ژنانی کورد رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ئامادەکردنی خواردنە رەسەنەکانی وەک دۆینە، ترخێنە و ساوەر، کە بەشێکی دانەبڕاون لە خوانی زستانی ماڵەکان.

لە شارۆچکەی خورماڵ، شەرمین نەوشیروان، یەکێک لەو ژنە دەستڕەنگینانەیە کە نەک تەنها پەرەی بەم نەریتە داوە، بەڵکوو لە ماڵەکەی خۆیەوە براندێکی تایبەت بە خواردنە خۆماڵییەکانی دروست کردووە و کارەکانی بەڕێوە دەبات. ئەو ئەمڕۆ سەرقاڵی یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی ئامادەکردنی زەخیرە بوو، کە ئەویش “گەنم کوڵاندنە” بۆ دروستکردنی ساوەر.

سەبارەت بە قۆناغەکانی ئەم کارە، شەرمین وەک ژنێکی شارەزای بوارەکە روونی دەکاتەوە کە پرۆسەکە بە پاککردنەوەیەکی ورد دەست پێدەکات. ئەو دەڵێت: “سەرەتا پێویستە گەنمەکە زۆر بەباشی بشۆردرێتەوە و هیچ پووش و پەڵاشێکی پێوە نەمێنێت. پاشان ئاوی بۆ گەرم دەکرێت و دەخرێتە سەر ئاگرێکی بەرز. بەپێی جۆر و بڕی گەنمەکە، کاتژمێرێک یان زیاتری دەوێت تا بەتەواوی دەکوڵێت، دواتر لەسەر ئاگر لایدەدەین تا سارد دەبێتەوە.”

دوای ساردبوونەوەی، قۆناغی وشککردنەوە دەست پێدەکات. شەرمین ئاماژە بەوە دەکات کە گەنمە کوڵاوەکە لە شوێنێکی خاوێن و بەر هەتاو، لەسەر نایلۆن یان پارچە قوماشێک ڕادەخرێت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەبەر خۆر دەمێنێتەوە تا بەتەواوی وشک دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا، گەنمە وشکەوەبووەکە دەبرێتە ئاش و بەپێی خواستی خۆیان (ورد یان درشت) دەهاڕدرێت، بەمەش ساوەرەکە ئامادە دەبێت بۆ لێنان.

ئەم جۆرە کارانە کە ساڵانە لەلایەن خانمانی کوردەوە ئەنجام دەدرێن، جگە لەوەی پێویستییان بە کات و ماندووبوونێکی زۆرە، لە هەمان کاتدا پیشاندەری لێهاتوویی و ڕۆڵی گرنگی ژنانە لە پاراستنی کەلتووری خۆراکی خۆماڵی و بەڕێوەبردنی ئابووریی خێزاندا.