ئەگەر ژنێک نەبوایە، رەنگە ئێستا بوونی نەبوایە

پردی برۆکلین؛ شاکارە 143 ساڵییەکەی نیویۆرک کە بە 21 فیل تاقیکرایەوە

964+
ژووری هەواڵ

ئەگەر سەردانی شاری نیویۆرکت کردووە و پیاسەت لەسەر پردی برۆکلین نەکردووە، ئەوا هێشتا نیویۆرکت نەبینیوە، ئەمە تەنیا پردێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەورەترین شاکاری ئەندازیاریی سەدەی نۆزدەهەمە کە چیرۆکێکی پڕ لە سەیر و سەمەرەی لە پشتەوەیە و چیرۆکێک کە ئەگەر ژنێک نەبوایە، رەنگە ئێستا بوونی نەبوایە.

پردی برۆکلین کە ناوچەکانی مەنهاتن و برۆکلین پێکەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی 1883 دوای 14 ساڵ لە کارکردنی بەردەوام و سەخت بە فەرمی کرایەوە، لەو سەردەمەدا، ئەمە درێژترین پردی هەڵواسراو بوو لە جیهاندا، بەڵام دروستکردنی باجێکی مرۆیی قورسی هەبوو.

(جۆن رۆبڵینگ) ئەندازیاری سەرەکیی پڕۆژەکە، پێش ئەوەی دەست بە کارەکان بکرێت، گیانی لەدەستدا، دوای ئەو (واشنتۆن رۆبڵینگ)ـی کوڕی ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ، بەڵام ئەویش بەهۆی کارکردنی زۆر لە ژێر ئاودا تووشی ئیفلیجی بوو، لێرەدا قۆناغە مێژووییەکە دەستپێدەکات،(ئێملی رۆبڵینگ)ـی دایکی واشنتۆن هاتە پێشەوە و کارەکەی تەواو کرد، بەوەش بووە یەکەم ژن لە مێژوودا کە سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی ئەندازیاریی هێندە زەبەلاح بکات.

کاتێک پردەکە کرایەوە، خەڵکی نیویۆرک دەترسان و متمانەیان پێی نەبوو؛ پێیان وابوو لە هەر ساتێکدا بێت دەڕوخێت، بۆ تێکشکاندنی ئەم ترسە، لە ساڵی 1884 (پی تی باڕنۆم) کە بازرگانێکی بەناوبانگی سێرک بوو، کاروانێکی پێکهاتوو لە 21 فیلی گەورە پێکەوە بەسەر پردەکەدا رێیان کرد، دوای ئەم دیمەنە غەریبە، دواجار خەڵک متمانەیان بە هێزی پردەکە کرد.

سەرسوڕهێنەرەکانی پردی برۆکلین لێرەدا کۆتایی نایەن؛ لە ساڵی 2006 کاتێک کرێکاران خەریکی چاککردنەوەی پردەکە بوون، لەناکاو پەناگەیەکی نهێنییان دۆزییەوە کە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمی شەڕی سارد، ئەم پەناگەیە بۆ کاتی هێرشی ئەتۆمی ئامادەکرابوو و 352 هەزار پارچە پسکیت، بەتانی، کەلوپەلی پزیشکی و بەرمیلی ئاوی گەورەی تێدا کۆگاکرابوو.

سەرەڕای تێپەڕبوونی 143 ساڵ بەسەر دروستکردنیدا، پردی برۆکلین هێشتا وەک هێمایەکی بەهێز لەسەر پێیەکانی خۆی وەستاوە و رۆژانە زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل و هەزاران گەشتیار و هاووڵاتی بەسەریدا تێپەڕ دەبن.