پارەی کاش دوایخستن

شەش ساڵ تێپەڕی و پردەکەی داقوق یەکەم سەیارەی بەسەردا رۆشت

سیروان خورشید – خورماتوو

​شەش ساڵ تێپەڕی بەسەر داخستن و تێکچوونی بەشێکی زۆری پردی داقووق، وە ئەمڕۆ دووشەممە پردەکە بەتەواوەتی پاش نۆژەنکردنەوەی بەڕووی شۆفێر و رێبوارانی رێگەی نێوان بەغدا بۆ کەرکوک و شارەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

ئەو پردە بەهۆی نەبوونی پارەی کاش “سیولە” نۆژەنکردنەوەی دواخرابوو، زۆرجار رووداوی هاتوچۆی تێدا رووی دەدا و زیانی گیانی لێ دەکەوتەوە.

عەدنان حسێن، قایممقامی داقوق بە 964ـی وت، “ئەم پردە رێگایەکی سەرەکییە و بەردەوام بەکاردێت، بۆیە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەو بارودۆخەی دروست ببوو بەهۆی نەبوونی پارەی کاش “سیولە”وە نەتوانرا نۆژەنکردنەوە زووتر بکرێ، هاوڵاتییان و شۆفێران رووبەڕوی ئاستەنگی و گرفتی هاتوچۆ ببوونەوە”.

قایمقام وتیشی، “پێشتر پردەکە چەند جارێک بە شێوەی کاتی نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی لافاو و نەبوونی کوالێتی پێویست لە نۆژەنکردنەوەکاندا دیسانەوە تێکدەچووەوە و ئەمجارەیان و دوای شەش ساڵ لەگرفت، بە بڕیارێکی حکومی و بە ستانداردێکی ئەندازیاری نوێ پردەکە سەرلەنوێ دروستکرایەوە، بەمەش کێشەکانی ئاستەنگی و قەزەباڵغی لەم رێگەیەدا کۆتایی پێ دێت”.

​پردی داقوق یەکێکە لە گرنگترین رێگاکانی ستراتیژی عێراق، کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، بەهۆی تێکچوونی بەشێک لە پردەکە بەهۆی لافاو و درەنگ کەوتنی پڕۆسەی چاککردنەوە، شۆفێران ناچار بوون تەنیا بە یەک دیوی پردەکەدا هاتوچۆ بکەن.

ئەو هۆکارەش بببووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگەکە و زۆر جاریش دەبووە هۆی روودانی رووداوی هاتوچۆ و زیانی گیانی و ماددی لێ دەکەوتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا