ئەکتەری نییە و لە ئەمریکاش نمایشکراوە

لە سلێمانی فیلمێک بە چوار هەزار دینار دروستکراوە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە سلێمانی فیلمێک بە چوار هەزار دینار دروستکراوە کە ئەکتەری نییە و لە ئەمریکاش نمایش کراوە.

ئارۆ هاوسەر دەرهێنەری فیلمەکەیە و بە 964ـی وت، “فیلمەکەمان تەنیا چوار هەزار دیناری تێچووە و ئەو چوار هەزارەشمان داوە بە پەمپ بۆ بۆیاخکردنی دەست، لە فیلمەکەمان ئەکتەرمان نییە، ئەکتەرەکەمان چوار دەستن بە رەنگی جیاواز کە هەر رەنگێک هێمایەکی لە پشتە”.

“فیلمەکە یەک خولەکە، واتە کورتەفیلمە و دژی جینۆسایدی هزری نەتەوەیی کوردە لەلایەن داگیرکەرانەوە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەزمونگەری ئەمریکا بە فەرمی وەرگیراوە و نمایشکراوە”، ئارۆ هاوسەر وای وت.

ئارۆ وەک خۆی دەڵێت، خوێندکاری بەشی شانۆیە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و سەربەخۆ لە بواری بەرهەمێنانی فیلمدا کار دەکات، ئەو کارەشی بە مۆبایلێکی ئایفۆن تۆمار کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری