لە دوکان
خەڵک بێ کارەبان و رێگەی دوکان بۆ سلێمانییان داخست
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بێ كارەبایی دانیشتووانی قەزای دوكانی لە كاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممەوە هێناوەتە سەر شەقام و وەكو فشارێك رێگای سەرەكی هاتوچۆی نێوان دوكان بۆ سلێمانیان لە ناوبازاڕی قەزاکە بەرووی شۆفێران داخست.
وا نزیک دەبێتەوە لە سێ کاتژمێر رێگەکە داخراوە و گردبوونەوە ئەوان بەردەوامی هەیە.
فەرمان حەمەلاو، دانیشتوویەکی دوكانەو بەشداری گردبوونەوەکەی کردووە ئەو بە 964ی وت، لە كاتژمێر شەشی بەیانییەوە بێ كارەبایان كردووین و خەڵكی لەخەو و ئیسراحەت بووە، منداڵی شیرەخۆر و ساوامان هەیە و لەتاو گەرما ئارامی نییە و ئێمەش كە ئەو دۆخە دەبینین چیتر پێمان قبوڵ ناكرێت.
بە قسەی ئەو، رۆژانە هەشت كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی دەبڕێت و بەدیلیشییان نییە و دوكان كارەبای موەلیدەی نییە، بۆیە داوا دەكەین دەست بەجێ كارەباكەی خۆمان بۆ بگەڕێننەوە و بۆمان بكەنەوە 24 كاتژمێریی.
لەبارەی نیگەرانیی خەڵکی خانەخوێی دوکان، سیروان سەرحەد، قایمقامی دوكان بە 964ی وت، ئەزانن دۆخی دوكان تایبەتە و كارەبای موەلیدەی نییە، داواكاری خەڵكیمان گەیاندووەتە سەرووی خۆمان و هەوڵی تەواومان داوە بۆیان چارەسەر بكەین.
ئەمڕۆ دوو كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیمان بۆ دانیشتوانی قەزاكە گەڕاندەوە، بەڵام لەوە زیاتر دەسەڵاتی ئێمە نییە و گەڕانەوەی كارەبای 24 كاتژمێری لەدەست بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی و كۆنتڕۆڵی گشتی کارەبای هەرێمە، سیروان سەرحەد وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا