سەنتەرى میترۆ
“میدیا ئاگرخۆشکەر نەبێت”؛ لە هەولێرەوە گفتوگۆ لەسەر ئەرکی رۆژنامەوانی لە کاتی ململانێکاندا ساز کرا
وریا فەتاح
لەگەڵ 17 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، کۆڕبەندێکی لە شاری هەولێر رێکخست بۆ تاوتوێکردنی رۆڵی میدیا لە هێورکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
ئەمڕۆ سێشەممە 11.8.2026، بە مەبەستی قسەکردن لەسەر “پیشەییبوونی میدیای کوردی لە نێو ململانێ ناوخۆییەکاندا”، مێزگردێکی کراوە بە بەشداریی ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسان، ئەکادیمیستان و کەسایەتییە حکومییەکان بەڕێوەچوو. چالاکییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی (CFI)ـی فەرەنسی و لە چوارچێوەی پڕۆژەی “قەریب” رێکخرابوو.
پانێڵی سەرەکیی مێزگردەکە، کە لەلایەن هەریەک لە (غازی عەلی، د. نەزاکەت حسێن، زەیتۆ سیانی، رامان مەجید و دیاری محەمەد)ـەوە بەڕێوەبرا، جەختی لە خاڵێکی گرنگ کردەوە کە پێویستە میدیای کوردی لەبری ئەوەی ببێتە بەشێک لە گەشەپێدانی قەیرانەکان، رۆڵی هێورکەرەوە ببینێت و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخە هەستیارەکاندا بکات.
دواتر ئامادەبووان بە پرسیار و تێبینى جیاواز، فەزای ئازادیی میدیا لە هەرێمی کوردستان و رەوشی ئێستای راگەیاندنی ناوخۆیی لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ئازادیی رادەربڕیندا بەراورد کرا.