بۆنەکەی ناخۆشە و مەترسیدارە

زبڵ و خاشاک مێشی بۆ هێناون گازیان لێ دەگرێ

فەرمان مەلاحەسەن – رانیە

لە بەشێک لە گەڕەکەکانی رانیە، فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە نزیک ماڵان نیگەرانی دروست کردووە و بۆن و بەرامەیەکی ناخۆشی دروست کردووە، کابرایەک قسە بۆ 964 دەکات و دەڵێ، مێشی وای دروستکردووە، بەسەر جلەکانیشمانەوە گازمان لێ دەگرێ.

لەوێ پەڕە مریشک، ریخۆڵە و پاشماوەی جۆراوجۆر هەتا ئاژەڵی مرداربوو فڕێ دراوە.

ئەو شوێنەی پەیامنێرمان سەردانی کردووە گەڕەکی رزگارییە، وەسمان رەسوڵ دایشتووی گەڕەکەکەیە ئەو بە 964ی وت، خەڵک لە نزیک ماڵەکانی ئێمە زبڵ و پاشماوەکانیان فڕێ دەدەن، لەبەر بۆنی سەگ و پشیلەی تۆپیوو و زبڵ و مێش ژیانمان نەماوە.

ئەو داواکارە شارەوانی رێگری بکات لە فرەدانی ئەو پاشماوانە و داوای هاوکاری و بەدەمەوەچوون دەکات، مام وەسمان وتی، کاتێک موبەریدە هەڵدەکەین هەرچی بۆنە بۆ ئێمە دێت، مێشەکان لەسەر جل پێمانەوە دەدەن، ئەوەندە گەورەن وەک مێش هەنگ لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە.

لەبارەی گرفتی ئەو هاوڵاتییانە، ئەحمەد وسو سەرۆکی شارەوانی رانیە بە 964ی راگەیاند، هەمیشە رێنماییمان بە خەڵکداوە کە لە نزیک ماڵان زبڵ و پاشماوە فڕێ نەدەن، بەڵام خەڵک پابەند نەبووە، ئێستا بڕیارمانداوە ئەو شوێنانە پاک بکەینەوە و بەخەڵکمان وتووە ئێوەش رێگربن.

بۆ ئەوەی خەڵک شت فڕە نەدات، لە داهاتووشدا لە رێگای کامێراکانی ئاسایش چاودێری خەڵک دەکەین و سزایان دەدەین ئەم قسەی ئەحمەد وسوە، هەروەها بۆ پاشماوەی خانووش شوێنیان دیاریکردووە، بەڵام هەندێک خەڵک پابەندنابن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا