"خاوەنی گۆڕەپانەکە کرێی نەداوە و شارەوانی قفڵی لێداوە"

وەستا و فیتەرەکانی کەلار دەرگای شوێنی ئیشەکەیان لێداخراوە

میلاد جەلال – کەلار

بەشێک لە وەستا و فیتەرەکانی کەلار، 20 رۆژە دەرگای ئەو گۆرەپانەیان لێ داخراوە لە ئێشی تێدا دەکەن و بێ ئیش و کەسابەت بوون، ئەمڕۆ تەحەمولیان نەما و گردبوونەوە.

ئەحمەد حەیدەر یەکێک لەو کاسبکارانە بە 964ـى وت، “20 رۆژە لەماڵم بەس دەخۆم و دەخەوم، دەرگای رسقمان داخراوە و زیاتر لە 100 خێزان بێ بژێوی بووین”.

یەکێکی دیکەیان بەناوی ھەردی جەلال دەڵێت، “شارەوانی دەرگای گۆڕەپانەکەی داخستووە، ئێمە بەس ئیش لە گەڵابە و تانکەر و سەیارەی گەورەدا دەکەین، لەجێگایەکی ئاوا فراوان نەبێت ناتوانین ئیش بکەین و لە ناوچەی پیشەسازی جێمان نابێتەوە”.

بەقسەی ئەو کاسبکارانە، گۆڕەپانەکە پێنج ساڵە لەلایەن شارەوانییەوە دراوە بە کرێ، ئەوکەسەی گۆڕەپانەکەی بەکرێ گرتووە، پارەی نەداوە و بەوهۆیەشەوە شارەوانی قفڵ و زنجیرێکی ئەستووری لە دەرگای گۆڕەپانەکە داوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری