کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم
بۆ سێ پرس
ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە
وریا فەتاح
ئەمڕۆ چوارشەممە 17.6.2026، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بە سەرۆکایەتى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکونەت و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆ دەبێتەوە.
بەپێى راگەیەندراوى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، ئەنجومەنى وەزیران بۆ سێ پرس کۆدەبێتەوە کە ئەمانەن:
لە بڕگەی یەکەمدا، بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان، گفتوگۆ دەکرێ.
لە بڕگەی دووەمدا، بابەتی بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە، دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا، بابەتی راگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، گفتوگۆ دەکرێت.