بۆ رەخساندنی هەلی کار و پیشاندانی توانای قوتابیان

باخچەکانی سلێمانی داری وشک دەداتە قوتابخانە پیشەییەکان

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کار و بەرەوپێشبردنی کاری دەستی، بۆ لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی داری وشک بۆ قوتابخانە پیشەییەکان دابین دەکات.

بەناز رەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا بە 964ـی وت، “لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، سێ پڕۆژەمان بەدەستەوەیە کە یەکێکیان دابینکردنی داری وشکە بۆ بەشە پیشەییەکان، ئەمڕۆش زیاتر لە 20 داریان پێشکەش کردین”.

“لە دارەکان کەلوپەلی جوان دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بفرۆشرێنەوە و لەو رێیەوە هەم ناوەندەکان خوێندن سوودمەند بن، هەمیش دەستڕەنگینی قوتابیان پیشان بدەین و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین لە کۆمەڵگادا”، بەناز رەمەزان وادەڵێت.

هاوکات بەهرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی وتی، لە رابردوودا تواناکانی قوتابیانیان لەو بوارەدا بینیوە، بۆیە بە پێویستیان زانیوە و بیریان لەوە کردووەتەوە ئەو کارە بکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری