ژیانی 900 قوتابی لە مەترسیدایە
لافاو دیوارێکی 50 مەترى قوتابخانەی نوێگەریی لە چەمچەماڵ رووخاند
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
باران و لافاوی ئەمشەو زیانێکی گەورەیان بە قوتابخانەی نوێگەری لە گەڕەکی ەاپەڕینی چەمچەماڵ گەیاند و زیاتر لە 50 مەتر لە دیواری قوتابخانەکە رووخاوە.
قوتابخانەکە 900 خوێندکاری هەیە.
بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نوێگەری، لە لێدوانێکدا بە 964ی وت، بەهۆی هاتنی ئاوێکی زۆر بۆ ناو قوتابخانەکە، دیوارەکەی رووخاوە و زەوی بیناکەش بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لاواز بووە.
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئاشکرای کرد، کە ساڵی رابردووش بەشێکی دیکەی دیوارەکە بەهەمان شێوە رووخاوە و سکاڵایان لەسەر مەترسییەکە کردووە، بەڵام بە وتەی ئەو، چارەسەری پێویست بۆ کێشەکە نەکراوە.7
ئەو داوای چارەسەرێکی خێرای کرد و وتی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لە دۆخەکەیان ئاگادارە و سەردانیان کردووە، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە، دۆخەکەیان مەترسیدار دەبێت.
قوتابخانەی نوێگەری لە گەڕەکی راپەڕین، کە ناسراو بە سێگۆشەکە، هەردوو دەوامی بەیانی و ئێوارانی هەیە و نزیکەی 900 قوتابی تێیدا دەخوێنن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا