زەیدی بانگهێشتی کۆشکی سپی کرا

چەککردنی گرووپەکان و نەوت و ئینتەرنێت بابەتی گرنگی کۆبوونەوەکەی بووە لەگەڵ باراک

فەرهاد حەسەن

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆبونەوە و جەخت لەسەر پابەندی هەردوو حکومەت بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز و پڕ بایەخ کراوەتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.

بەپێی راگەیەندراوەکە، کە بە هاوبەشی لەنێوان هەردوولادا بڵاوکراوەتەوە، تۆم باڕاک خواستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پێشوازیکردن لێی لە کۆشکی سپی لە  ناوەڕاستی مانگی تەممووزی داهاتوودا. ئامانجی سەردانەکەش بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکان و داڕشتنی ستراتیژییەتێکە بۆ عێراقێکی خاوەن سەروەری، ئارام و گەشەسەندوو.

هەردوولا باسیان لە دیدگای هاوبەشی هەردوو وڵات کردووە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و داماڵینی چەک بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی خاڵی لە تیرۆر.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ داماڵینی تەواوەتی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرووپ و پێکهاتە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتدان و  دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی ناوچەکە.

کەرتی ئابووری، وزە و ئینتەرنێت بەشێکی کۆبوونەوەکەیان بووە و باس لەوەکراوە کە عێراق مۆڵەتی کارکردنی بە کۆمپانیای (ستارلینک – Starlink) داوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی جیهانی بۆ هاوڵاتیانی.

لەبارەی وەبەرهێنانی نەوتیش، باس لە دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی رۆژئاوای قوڕنە دوو و ناسیریە کراوە و لەبارەی گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش راگەیەندراوە کە حکومەت گەرەنتی ئەمنی تەواویان بۆ دابین دەکات.