"لە نورى چاومانى قبوڵ ناکەین"
چیرۆکى گیانلەدەستدانی ‘یاد’ی تەمەن سێ ساڵ؛ خاڵێکى دەستگیرکراوە
فەرمان مەلا حەسن- رانیە
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ بە ناوی (یاد) لە گوندی ‘ئێندزێ’ی بناری قەندیل بێسەروشوێن بوو، دوای نزیکەی دوو هەفتە لە گەڕان، دوێنێ هەینی تەرمەکەی بە شێواوی و پارچەپارچەکراوی دۆزرایەوە، کە تەنها ئێسک و جلەکانی مابوونەوە.
لەسەر ئەم رووداوە دڵتەزێنە، بێستوون حەسەن، مامی یاد، وردەکاریی زیاتری بۆ (964) ئاشکرا کرد و رایگەیاند: “یاد خۆشەویستی هەموومان بوو، چونکە دوای چوار خوشک هاتبووە دنیاوە. ئەو رۆژە خزمەکانمان بۆ سەردانی باوکم و جەژنانە هاتبوونە گوندی ئێندزێ. یاد و دوو منداڵی تر لە دووری 150 مەتر لە ماڵەوە یارییان دەکرد، بەڵام دواتر دەرکەوت یاد دیار نەماوە.”
وەک مامی دەگێڕێتەوە، لە کاتی رووداوەکەدا پیاوەکان لە ماڵ نەبوون و دواتر بەسەر رووداوەکەدا چوونەتەوە. ئەوان شەوی یەکەم و دوو رۆژی دواتریش بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر گەڕانێکی چڕیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی یادیان دەست نەکەوت.
“دوای نزیکەی دوو هەفتە، دوێنێ هەینی تەرمەکەیمان دۆزییەوە، تەنها چەند پارچە ئێسکێک و جلوبەرگەکەی دۆزرانەوە، تەنانەت هێشتا پێیەکانی نەدۆزراونەتەوە و گۆشت بە جەستەیەوە نەمابوو.” بێستوون حەسەن وا دەڵێت.
خێزانەکەی گومان دەکەن دەستی مرۆڤ لەم کارەساتەدا هەبێت. مامی یاد دەڵێت: “تەرمەکەی لە دووری کیلۆمەتر و نیوێک لە گوندەکەوە دۆزراوەتەوە، لە نێوان گوندەکە و ئەو شوێنەدا گردێک و ئاوێک هەیە، هەرگیز یاد خۆی نەیدەتوانی بگاتە ئەوێ. گومان دەکەین دەستی مرۆڤی تێدا بێت و دواتر ئاژەڵی کێوی تەرمەکەی شێواندبێت.”
لەسەر دەنگۆی دەستگیرکردنی خاڵی یاد و بوونی کێشەی خێزانی، بێستوون روونی کردەوە: “برایەکم (کە دەکاتە خاڵی یاد) بە گومان دەستگیرکراوە، بەڵام ئێمە خێزانێکی ناتەندروست نین کە ئەگەر کێشەیەکیشمان هەبێت منداڵێک بکەینە قوربانی. خۆ ئەگەر براکەم یان هەر کەسێکی تر ئەم تاوانەی کردبێت، لە نوری چاومانمانی قبوڵ ناکەین و لێی خۆش نابین.”
سەبارەت بە شایەتحاڵی ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ یاد یارییان دەکرد، مامی ئاماژەی بەوە دا کە منداڵەکان دەڵێن “ئۆتۆمبێلێک هاتووە و یادی رفاندووە”، بەڵام پێی وایە قسەی منداڵ مەرج نییە هەمیشە دروست بێت.
لە ئێستادا، ئەو پاشماوەیەی لە تەرمی یاد ماوەتەوە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانى کراوە و خێزانەکەشی لە چاوەڕوانیی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندان بۆ ئاشکرابوونی هۆکاری راستەقینەی مەرگی ئەو منداڵە تەمەن سێ ساڵە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح