دوو لە بریندارەکان لەژێر چاودێری چڕدان

لە ئاگرەکەی تانجەرۆی سلێمانی سێ کرێکار سووتاون

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دەرکەوت لە ئاگرەکەی تانجەرۆی سلێمانی سێ کرێکار سووتاون، یەکێکیان باری تەندروستی جێگیرە و دوو کەسیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17.10.2026 ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە سێ کرێکار تووشی سووتاوی بوون و دووانیان براونەتە نەخۆشخانەی سووتاوی.

دەرون رزگار سەرۆکی سەندیکای کرێکاران / لقی سلێمانی لە بەردەم نەخۆشخانە بە 964ـی وت، “یەکێکیان 22٪ و ئەوەی دیکەشیان 12٪ـی سووتاوە، مۆلیدەی شوێنەکە کاری نەکردووە، ئەو کرێکارانە چوون کاری پێبکەن، لەوکاتە رەنگە ساڵانسای مۆلیدەکە گەرم بووبێ و ئەو ئاگرەی لێکەوتووەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرزوو لەگەڵ قایمقام و جێگری پارێزگاری سلێمانی قسەیان کردووە و ئامادەیان دەربڕیوە، هەرچی پێویست بێ بۆ ئەو کرێکارانەی بکەن.

هەر لەوبارەیەوە بەکر حسێن سەرۆکی سەندیکای نەوت و کارەبا بە 964ـی وت، “وەک پرسیارمان کردووە، کرێکارەکان جلوبەرگی سەلامەتیان لەبەردابووە، بەڵام ئاگرەکە بەهێزبووە و جلەکان لەبەریاندا سووتاوە”.

باسی لەوەشکرد، کارمەندانی تەندروستی بەشێوەیەکی باش بەدەمیانەوە چوون و ئێستا باری تەندروستی کرێکارەکان جێگیرە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری