کێشەکە "یاسای پۆشاک"ە

نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر دەستگیرکردنی 30 ژنی ئەفغانی لەلایەن تاڵیبانەوە هاتەدەنگ

فەرهاد حەسەن

نەتەوە یەکگرتوەکان ئاشکرای کرد کە بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئافغانستان 30 ژنی لە شاری هیرات دەستگیرکردووە چونکە شێوازی پۆشاکەکەیان گونجاو نەبووە ئەمەش بوەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و توندوتیژی و کوژراو و برینداریشی لێکەوتووەتەوە.

ژنانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەکانی تاڵیبان لە شاری هیراتی رۆژئاوای ئەفغانستان، لانیکەم 30 ژنیان بە تۆمەتی “پێشێلکردنی یاساکانی پۆشاک” و پابەندنەبوون بەو حیجابەی بزوتنەوەکە سەپاندویەتی، دەستگیر کردووە، دەڵێن “ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان کچان و ژنانی ئەو وڵاتەدا”.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، دوای ئەم دەستگیرکردنانە، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە ناوچەی ئینجیلی شاری هیرات سەریهەڵداوە، لە کاتی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبانەوە، تەقە لە پیاوان و ژنان و منداڵان کراوە، کە بەو هۆیەوە لانیکەم دوو کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.

دەستەی ژنانی نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەکردوە کە “پۆلیسی رەوشت”ی تاڵیبان لە ڕۆژانی پێش خۆپیشاندانەکە ئەو ژنانەیان دەستبەسەر کردوە، هەرچەندە ژمارەیەک لەو ژنانە دواتر ئازاد کراون، بەڵام راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان ئەشکەنجەی هەندێک لە خۆپیشاندەرانیان داوە و بە قورسی لێیان داون.

دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی تاڵیبانیش لە شاری هیرات هەموو ئەو راپۆرتانەیان رەتکردووەتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی ژنان دەکەن، ئەوان بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر سەبارەت بەو ئاڵۆزی و توندوتیژییانەی لە ناوچەکە روویانداوە بخەنەڕوو، گێڕانەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیان بە ناڕاست وەسفکرد.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021، کۆمەڵێك سنوردارکردنی توند بەسەر مافەکانی ژناندا سەپێندراوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام تاڵبیان سەرکۆنە دەکەن بەهۆی بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن، کارکردن و ئازادیی هاتوچۆ، کە وەک پێشێلکارییەکی زەقی مافە بنەڕەتییەکان دەبینرێت.

كۆتاییەكانی مانگی رابردووش بوو، تاڵیبان یاسایەکی نوێی خێزانی پەسەندکرد کە تێیدا تەمەنی هاوسەرگیریی کچان بۆ نۆ ساڵ دادەبەزێنێت و بێدەنگیی کچ بە رەزامەندی بۆ هاوسەرگیری دادەنێت، ئەم بڕیارە کە دەسەڵاتی تەواو دەداتە سەرپەرشتیارانی نێر، رووبەڕوی شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی بوەوە و وەک “جیاکاری رەگەزی” وەسفکراوە، چونکە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیان و تەندروستی کچان دروستدەکات.