فیلێک وازی لە سێرک هێنا و بۆ حەسانەوە دێتە هەولێر

964+

فەرمان سادق

دوای 38 ساڵ مانەوەی لە فڕەنسا و دڵخۆشکردنی خەڵک، بۆ پشوودان و ئیسراحەت دێتە هەولێر.

فیلەکەی دێتە هەولێر، لە تەمەنی یەک ساڵی زێدی خۆی لە ئەفرقیا جێدەهێڵێت و لەلایەن فڕانس سێرک دەبردرێتە فڕەنسا و بۆ ماوەی 37 ساڵ، بەخێو دەکرێت و بەشداری نمایشەکانی سێرکی پێدەکرێت.

بەیبی، ناوی ئەو فیلەیە کە دوای 37 ساڵ دڵخۆشکردنی خەڵکی فڕەنسا چاوەڕوان دەکرێت دوای 35 رۆژی دیکە بگاتە هەولێر.

رزگارکردنی فیلەکە لەدەست فڕانس سێرکم دوای هەڵمەتێکی ئاژەڵ دۆستان دێت دژ بە تیپەکانی سێرک.

ئەو هەڵمەتە کە رێکخراوی سایکسی جیهانی، رێکخراوی پاراستنی ئاژەڵ و رووەکە هەڕەشە لەسەرەکان، ئەنجامی داوە، تیپی سێرکەکەی ناچار بە خۆهەڵوەشاندنەوە کرد.

دوای ئەو بڕیارە، فیلە تەمەن 38 ساڵەکە بە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دراوە.

هێرش خۆشناو، خاوەنی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە رێگەی واتس ئاپ لە فڕەنساوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هەموو ئامادەکارییەک بۆ فیلەکە کراوە، بە رێگای دەریاوە لە فڕەنساوە دەهێندرێتە تورکیا، لەوێشەوە بە بارهەڵگری تایبەت دەگوازرێتەوە بۆ باخچەی ئاژەڵانی هەولێر.

دەشڵێت: لەگەڵ فیلەکەدا، کەسێکی شارەزای تیمی سێرکەکەش دێتە هەولێر و بۆ ماوەی مانگێک دەمێنێتەوە بۆ فێرکردن و راهێنانی کارمەندانی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

بەیبی، فیلێکی مێینەیە، بڕیارە دوای گەیشتنی ئیدارەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، فیلێکی نێرینەی بۆ پەیدا بکەن و لەناو باخچەکەشدا شوێنیان بۆ دابینکراوە.

فیل، بە گشتی تەمەنیان لەنێوان 60 بۆ 65 ساڵ دەبێت.