پاش پشکنینی ماڵەکەی

7 موڵکی دیکە بە ناوی ژن و کەسوکاری بەڕێوەبەری پێشووی حسابات دۆزرایەوە

ئەحمەد مستەفا

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی پشکنینی ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی حساباتی دیوانی پارێزگای سەلاحەدین، 7 موڵکی دیکەی دۆزراوەتەوە کە بە ناوی ژن و کەسوکاری ئەو فەرمانبەرە تۆمار کراون.

بەپێی راگەیەندراوی دەستەکە، تیمێکی لێکۆڵینەوەی نوسینگەی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵیی ناوەندی، سەردانی ماڵی تۆمەتبارە دەستبەسەرکراوەکەیان لە قەزای عیلم کردووە.

لە ئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوەکەدا، سێ دۆسیەی ئەسڵیی موڵک بۆ سێ خانوو لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونییەکان، لەگەڵ چوار سەنەدی موڵکی دیکە دەستی بەسەرداگیراوە، دوو خانوو بە ناوی ژنی تۆمەتبار و یەکێکیان بە ناوی خۆی تۆمار کراوە، چوار سەنەدەکەش بە ناوی ژنەکەی، براژنی و یەکێک لە کوڕەکانی تۆمەتبارەکە بوون.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوودا، 2 ملیار و 500 ملیۆن دیناری عێراقی لە ماڵی تۆمەتبارەکە دەستبەسەر کراوە، هەروەها 6 موڵکی وەبەرهێنانی بە ناوی ژنەکەی دۆزراونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکە بە پێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عێراق راگیراوە، بە تۆمەتی رێکخستن و دەرکردنی چەکێک بە بڕی 425 ملیۆن دینار، بە پشتبەستن بە بەڵگە و پێشینەی ساختە.