خۆبەخشانی سەیدسادق

وایان لە سەرچاوەی “ئاوی حەسار” کردووە هاوڵاتیانی لێ کۆببنەوە

بڕوا مەجید – سەید سادق

ژمارەیەک خۆبەشی قەزای سەید سادق بە دەرفەتیان زانی کە ئەمساڵ سەرچاوەکەی “ئاوی حەسار” باش ژیاوەتەوە و لە وشکبوون رزگاری بووه، هاتوون بە کەلوپەل و پێداویستی جیاواز و هیلاک و ماندووبوونی خۆیان دیمەنەکەیان لە تەنیا سەرچاوەیەکی ئاوەوە گۆڕیوە بۆ شوێنێکی گەشتیاری، ئەمەش وای لە هاوڵاتیانی قەزاکە و دەوروبەری کردووە سەردانی ئەو شوێنە بکەن و لێی کۆببنەوە.

لاوان عاسی، یەکێک لە خۆبەخشەکانە بە 964 ی وت، پێشتر ئەو شوێنە بۆنی ناخۆشی لێدەهات و شتی تۆپیوی لێ فڕێدەدرا، بەڵام ئەوان وایان لێکردووە هاوڵاتیان سەرەنجیان بێتە سەری و بەردەوام سەردانی بکەن.

وتیشی “قۆناغ بە قۆناغ کارەکانمان ئەنجامداوە و لە داهاتووش شوێنی تایبەت بە خێزان لەسەر سەرچاوەکە دروستدەکەین”.

مام واحید مۆریاسیش هاوڵاتییەکی سەید سادقە، یەکێک لە کوڕەکانی لەگەڵ ئەو خۆبەخشانەیە، خۆشحاڵە کە توانیویانە رەنگ و سیمای ئەو سەرچاوەی ئاوە بۆ شوێنی پشوودان بگۆڕن و داواشی کرد شارەوانی و حکومەت هاوکاری خۆبەخشەکانی شار بکات بۆ ئەوەی ئەم شوێنە زیاتر بایەخ و گرنگی پێبدرێت.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن