کەمتر لە 10%ـى ماوە بۆ سەرڕێژ بوون

بەنداوى دوکان سەروو 90% ئاوى تێدایە

دیلان محەمەد- سلێمانى

تادێت ئاستى ئاوى بەنداوى دوکان زیاد دەکات و لە ئێستاشدا رۆژانە 8 سانتیمەتر ئاستى ئاوەکە بەرز دەبێتەوە، ئێستا زیاتر 90%ـى بەنداوەکە ئاوى تێدایە و کەمتر لە 10%ـى ماوە بۆ سەرڕێژ بوون.

دیلان محەمەد پەیامنێرى 964 چووەتە بەنداوى دوکان و لە کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەرى بەنداوەکە دەپرسێت،”خەڵک دڵى شەقى برد کەى بەنداوەکە سەرڕێژ دەکات؟”، کۆچەر جەمال لە وەڵامدا پێى دەڵێت: هێندەى بەژنى تۆى ماوە و ئاو لە بیلماوسەکەوە دەڕژێت، دیلان دەڵێت: من 170 سانتیمەترم، بەڕێوەبەرى بەنداوەکەش دەڵێت: 160ـى ماوە.

هەرچەندە خەڵک چاوە لەوەیە سەرڕێژبوونەکە ببینێت، بەڵام بەلاى بەڕێوەبەرى بەنداوەکەوە ئەو ئاوەى هەیە ماناى سەرڕێژبوون و پڕبوونە، چونکە بەنداو وەک پردێک نییە تا هەمووى تەواو نەبێت بە تەواو بوو حساب نەبێت، بەڵکو ئەو ئاوەى هەیە نیشانەى پڕبوونە.

کۆچەر جەمال، چاوى لە بەفرى قەندیلە و دەڵێت هێشتا نەتواوەتەوە و ئەویش بتوێتەوە تا کۆتایى مانگ ئاستى ئاوى بەنداوەکە زیاتر دەبێت.

لەبارەى بەردانەوەى ئاوى بەنداوەکە کۆچەر جەمال وتى،”ئەوەى بەرى دەدەینەوە بۆ پێداویستى خەڵکە، ئەگەر یەک رۆژ بیگرینەوە، سێ رۆژ و سێ شەو، شارى سلێمانى بێ ئاو دەبێت”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح