داهاتی ڤیستڤاڵەکە بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی دەبێت

شێف نەسرین بە 12 جۆر خواردن بەشداری ڤیستڤاڵی بەهارەی هەولێر دەکات

ئەحمەد شەمزین

لە پارکی سامی عەبدولرەحمان ڤیستڤاڵی بەهارە بۆ نمایشکردنی کاری دەستی و خواردنی کوردەواری دەستیپێکرد. ڤیستڤاڵەکە لە 3.6.2026 دەستیپێکردووە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بڕیاریشە بەشێک لە داهاتەکەی ببەخشرێتە نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە.

شێف نەسرین غولامی بە خواردنی کوردی بەشداری لە فێستیڤاڵەکە کردووە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بە 12 جۆر خواردن بەشداری فێستیڤاڵەکەمان کردووە و پێشیوابوو “پیاو نازانێت دۆغەوا بکات، بەڵام تەشریبیان بەتامە”، ئەو بۆ ئەمڕۆ کوبە، دۆڵمە و قورمە سەبزی ئامادە کردووە و پێیوایە خواردنی رەسەن پێویستی بە کابان و شێفی شارەزا هەیە.

نەسرین لە چێشتخانەکەی خۆی لە هەولێر تەنیا کارمەندی ژن دادەمەزرێنێت و دەڵێت، “کارمەندی پیاو وەرناگرم چونکە ئیشکردن لەگەڵیان خۆش نییە”. ئێستا ڤیستڤاڵەکە بەردەوامە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن و لە خواردن و کارە دەستییەکان رادەمێنن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر