هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ 964:
“هیچ بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی بەنزینی 750 دیناری نییە”
رازو محەمەد – سلێمانی
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، هیچ بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی بەنزینی 750 دیناری نییە و ئەوەی کە دەڵێن، کەمبووەتەوە، پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە بەنزینەوە هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.8.2026 د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە 964ـی وت، “لە دوای رووداوی ئاگركەوتنەوەکانی دوو رۆژی رابردوو، لە ئێستادا دۆخی سلێمانی ئاساییە و رێکارە پێویستەکانمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە”.
“لەبەر ئەوەی پێشتر کەرتی تایبەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کاری پێویستیان لە بواری بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە، رووداوی ئاگرکەوتنەوەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی بەنزین و سووتەمەنی نەکردووە، بەڵام زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە، وزەمان لەدەستداوە و ژینگەشمان پیس بووە”، هەڤاڵ ئەبوبەکر وای وت.
ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی کەمبووبێتەوە، موحافز دەڵێت، “ئەوە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانەوە هەیە و هیچ بڕیارێک نییە بۆ کەمکردنەوە و وەستانی بەنزینی 750 دیناری، بەڵکو بەپێچەوانەوە بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت دەبێ کوالێتییەکەی پارێزراو بێ و قەبارەی خستنەڕووی زیاد بکات، بۆ ئەوەی ببێتەهۆی دابەزینی نرخی جۆرەکانی دیکەی بەنزین”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری