پارێزگار چاوی لێیەتی

فاو بەسڕە دەکاتە پایتەختی ئابووری عێراق

ئەحمەد مستەفا

پارێزگاری بەسرە، ئەسعەد عیدانی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەندەری فاو کۆڵەکەیەکە بۆ وەرچەرخانی ئابووری و کردنی بەسرە بە پایتەختی ئابووریی عێراق، باسی دواین پێشکەوتنەکانی بەندەرەکەش دەکات.

عیدانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو گرنگییەکی زۆری هەیە لە پاڵپشتیکردنی وەرچەرخانی ئابووری و بەهێزکردنی پێگەی بەسرە وەک پایتەختی ئابووریی عێراق، ئەو پێنج لەنگەرگا و پڕۆژەیەی لە چوارچێوەی پلانەکانی پەرەپێدانی بەندەرەکاندا جێبەجێ کراون، پێشکەوتنێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.

بەقسەی عیدانی، قۆناغی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ دیدگای حکومەت لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووریدا، هەروەها ئومێدیشی خواست کە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئێستا بەشداربن لە چارەسەرکردنی تەحەددییە ئابوورییەکان و رەخساندنی دەرفەتی نوێی گەشەپێدان بۆ وڵات.

عیدانی دەڵێت، سەردانەکەی وەزیری گواستنەوە، وەهب حەسەنی، بۆ پارێزگای بەسرە و بۆ بەندەری فاو – ئاگاداری پلانەکانی داهاتوو و میکانیزمەکانی کارپێکردنی بەندەرەکە، و ئەو ئامادەکارییانە بوو کە لە ئارادان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و کارپێکردنی بەپێی ئەو دیدگایەی بۆی کێشراوە.