40 هەزار دۆلار ئاو بردى

بارانەکەى سلێمانى ریسى ئاوەڕۆ سندووقییەکەى خەلیفاواى کردەوە بە خورى


دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانبارین، ئاوەڕۆکەی گەڕەکی خەلیفاوا لە سلێمانی دەبێتەوە بە باس و خواسی میدیاکان، چونکە لافاو دروست دەکات و ئاو دەچێتە ماڵی خەڵکەوە.

بۆ ئەمساڵ، بڕیاردرا بە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی سندوقی بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە یەکجارەکی چارەسەر بکرێت، هەرچەندە ماوەیەکە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بەڵام بارانەکەی شەوی رابردوو و بەیانیی ئەمڕۆی سلێمانی، ریسەکەى کردەوە بە خورى.

هێزی ئاوەکە، بەشێکی زۆری ئەو شیش و تەختانەی برد کە لەناو ئاوەڕۆکەدا ئامادەکرابوون و چاوەڕێی ئەوە بوون کۆنکرێت بکرێن.

هەورامان تۆفیق، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە دەڵێت، ئەو شیش و تەختەیەی ئاو بردوویەتی زیانەکەی لە نێوان 30 بۆ 40 هەزار دۆلارە، لە کاتێکدا بڕیار بوو هەر سبەینێ کۆنکرێتی تێبکرێت، بەڵام کەوتنە خەسارەتەوە.

بۆ ئەم زیانە، سەرپەرشتیارەکەی پڕۆژەکە پەنجەی تۆمەت بۆ شارەوانیی سلێمانی رادەکێشێت و هۆکارەکەی بۆ ئەوان دەگەڕێنێتەوە، کە “ماوەی 20 شەوە نووسراومان بۆ شارەوانی کردووە بۆ ئەوەی خانوویەک بڕووخێنن کە دەکەوێتە سەر نەخشەی پڕۆژەکەمان، بەڵام نەیانڕووخاند”.

بەهۆی نەڕووخاندنی خانووەکەوە، کۆمپانیاکە ناچار بووە بچێت لە پشتی خانووەکەوە دەست بە کارکردن بکات، ئەمەش وایکردووە هیچ بەربەستێک نەمێنێت بۆ گرتنەوەی هێزی لافاوەکە، بەوەش بەشێکی پڕۆژەکە و کەلوپەلەکانیشیان بە ئاودا چوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح