گەرمیان پشت لە ئاوی ژێرزەوی و کارەبای سەرزەوی دەکات

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا ئیدارەی گەرمیان بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون پشت بە ئاوی ژێرزەوی نابەستێت و کارەبای پڕۆژەکانیش لە ژێرزەوی دادەپۆشرێن، ئەوەش بە پێی فەرمانێکی ئیدارەکە.

بڕیارەکە بە جۆرێکە، ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی لە ئیدارەی گەرمیان هەن بۆ ئاو لە رێی راکێشانی بۆری لە رووباری سیروانەوە دەبێت.

هەروەها، کارەبای پڕۆژەکانیش چیتر لە رێگەی ستونەوە دانانرێن، بەڵکو دەبێت هێڵکاری و دابەشکارییەکەی لە ژێرزەوییەوە بکرێت.

هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان بە میدیازانی وت، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و کارەبا و وەبەرهێنان و شارەوانی پێکهاتووە و زەمینەی جێبەجێکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە روون دەکەنەوە.

لە ئیدارەی گەرمییان سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە ناوەکانی سەگرمە، مامۆستایان و بامۆک هەیە و شەش هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدەهێنن، کە بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن و سیستمی دابەشکردنی کارەباکانیشیان لەسەر زەوییە و بە ستون کراوە.

“کەمیی ئاو و سەلامەتی و ناشیرینی سیستمی دابەشکردنی کارەبای پڕۆژەکان ئەو بڕیارەی پێ داوین، پڕۆژە تازەکان و ئەو پڕۆژانەش کە لەمەودوا دروست دەکرێن بەو کارەبا و ئاوەکەیان بەو سیستمە دەبێت و ئێستاش سێ داواکاری بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نوێ هەیە”، هونەر مەحموود وای وت.