ژمارەیەک گەنج دایدەنێن
چوونە پارکەکانی کەلار بەرماڵ و سەتڵی خۆڵ حازرە
میلاد جەلال – کەلار
وەک دەستپێشخەرییەکەی کەم وێنە، چەند گەنجێک لە کەلار خۆبەخشانە لەنێو پارکەکانی شارەکە بەرماڵ بۆ نوێژخوێنان و سەتڵ بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دادەنێن.
هەر ئەمڕۆ لەناو پارێکێک 25 بەرماڵیان داناوە.
راستی جەلال، خاوەنی بیرۆکەکەیە و خەڵکی سلێمانیە، بووە بە زاوای کەلاری و لێرە نیشتەجێیە بە 964ى وت، سەرەتا لە گیرفانی خۆمان چەند بەرماڵێکمان دانا و ڤیدیۆمان بڵاوکردەوە، دواتر کاردانەوەی باشی بەدواھات و خێرخواز ھاتنە سەرخەت.
نزیکەی ھەفتەیەکە دەستمان پێکردووە 25 بەرماڵمان لە پارکەکان داناوە، لەگەڵ دانانی سەتڵی خۆڵ، لەگەڵ ئەوەشدا پارکەکە خاوێن دەکەینەوە، راستی جەلال وای وت.
وتیشی، لە شاری ھەولێریشەوە خێرخوازێک پەیوەندی پێوەکردوین بەرماڵ و سەتڵی خۆڵمان بۆدابین دەکات و ئێمەش دەڕۆین لە پارکەکانی ھەولێر دایان دەنێین.
شاری کەلار بەشێکە لە ئیدارەی گەرمیان و چەندین پارک و باخچەی گشتی تێدایە کە هاوڵاتیان بۆ پشوودان و گەشتوگوزار لە ئێواران و شەواندا سەردانیان دەکەن، گرنگترین و دیارترین پارکەکانی شاری کەلار بریتین لە، پارکی قەڵای شێروانە، پارکی کەلاری کۆن، پارکی ناوبازاڕ، پارکی شەهید شێخ ئەمین بەرزنجی و کۆمەڵگەی گەشتیاری شاری یاری کەلار.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا