کۆتایی قەدەغەکردنەکە نزیک بووەتەوە

بە چەند مەرجێکەوە وەرزی راوە ماسی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

بەپێی بڕیارێکی فەرمی، لەناوەڕاستی ئەم مانگە قەدەغەی راوی ماسی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و راوکردن دەستپێدەکاتەوە، بە چەند مەرجێکەوە.

بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند بەپێی بڕیارەکە، ماوەی قەدەغەی راوی ماسی لە کاتی خۆیدا کۆتایی دێت کە 15.6.2026 و لە رۆژی 16.6.2026 یش راوکردن دەستپێدەکاتەوە، دەشڵێت “تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی وادەی قەدەغەکردن”.

وتیشیک لیژنەیەکی تایبەت بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی رووبار و بەنداوەکان دەکات و دۆخی سامانی ماسی هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام بە ئەگەری زۆر گۆڕانکاری لە بڕیارەکەدا روونادات.

بەڕێوەبەری سامانی ماسی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە راوکردن دەبێت تەنیا بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان ئەنجام بدرێت، مەرجیشیان داناوە کە بەکارهێنانی ژەهر، بۆمب و هەر شێوازێکی تری زیانبەخش بۆ ڕاوی ماسی قەدەغەیە و ئەو کەسانەی سەرپێچی لەو مەرجانە ئەنجام بدەن، دەکەونە ژێر بەرپرسیاریی یاساییەوە.

لە هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە مانگی ئادارەوە تا 15ی حوزەیران ڕاوەماسی قەدەغە دەکرێت، بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی و رێگەدان بە وەرزی زاوزێ و زیادبوونی ژمارەی ماسییەکان.