"ئیشتان بە تمەن نییە مامەڵەی پێوە مەکەن"
تمەن داڕما و بازاڕەکانی دراوی لە کوردستان شڵەقاند
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دابەزینی بەهای تمەن بازاڕەکانی دراوی لە کوردستان شڵەقاندووە و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش دەڵێت، ئەوەی ئیشی بە تمەن نییە با مامەڵەی پێوە نەکات.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێک سزای دیکە بەسەر ئێراندا ناجێگری لە ناو بازاڕی دراودا دروستکردووە و ئەمڕۆ بەهای هەر 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 19 ملیۆن و 200 هەزار تمەن لە سلێمانی بەرزبووەتەوە”.
“بەگشتی پێشبینیکردنی سیاسەتەکانی ترەمپ زەحمەتە و هەر لێدوانێکی دەبێتەهۆی بەرزبوونەوە یان دابەزینی بەهای تمەن، بەڵام رەنگە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا تمەن کەمێک بەرزببێتەوە”، جەبار گۆران وای وت.
ئامۆژگاری ئەو وەک شارەزایەکی بازاڕی دراو بۆ هاوڵاتیان ئەوەیە کە هەر کەسێک ئیشی بە تمەن نییە با مامەڵەی پێوە نەکات، چونکە هەبوون ئەوە کەسانەی بەوهۆیەوە تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بوون، بەتایبەتیش ئەوانەی لە بواری حەواڵەدا کاریان کردووە.
دابەزینی بەهای تمەن دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەمڕۆ قورسترین سزای ئابووری بەسەر ئێراندا دەسەپێنن کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، 964 زانیویەتی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەر 100 دۆلارییەک بە زیاتر لە 20 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە کراوە و ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئێراندا بەهای تمەن بەو شێوەیە دادەڕمێ.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری