لە هەولێر گرانترە

هەولێر و سلێمانی؛ جیاوازیی نرخی یەک لیتر بەنزین 600 دینارە

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

ئەحمەد محەمە- سلێمانى

هەولێر و سلێمانى دوو شارى هەرێمى کوردستانن و کەمتر لە 200 کیلۆمەتر دوورن لە یەکترەوە، بەڵام نرخى یەک لیتر بەنزین لە نێوان ئەم دوو شارە 600 دینارە.

پەیامنێرانى 964، لە بەردەم دوو وێستگەى سووتەمەنى سلێمانى و هەولێر وەستاون و نرخەکان روون دەکەنەوە و دەردەکەوێت نرخەکە لە هەولێر زۆر گرانترە بەراورد بە سلێمانى.

لە ئێستادا نرخی یەک لیتر بەنزین لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر بەم شێوەیەیە:

بەنزینی نۆرماڵ: 1815 دینار
بەنزینی موحەسەن: 2350 دینار
بەنزینی سوپەر: 2500 دینار
لە بەرامبەردا، نرخی هەمان جۆری بەنزین لە شاری سلێمانی زۆر هەرزانترە و بەم شێوەیە دەفرۆشرێت:

بەنزینی نۆرماڵ: 1200 دینار
بەنزینی موحەسەن: 1750 دینار
بەنزینی سوپەر: 1900 دینار

ئەگەر بەراوردکارییەک لە نێوان نرخەکاندا بکرێت، دەردەکەوێت شۆفێرانی هەولێر بۆ هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ (615 دینار)، بۆ موحەسەن (600 دینار) و بۆ سوپەریش (600 دینار) زیاتر دەدەن بەراورد بە شۆفێرانی سلێمانی.

بۆ ئەوەی قەبارەی جیاوازییەکە زیاتر روون ببێتەوە، ئەگەر شۆفێرێک بیەوێت (50 لیتر) بەنزینی موحەسەن بکاتە تانکیی ئۆتۆمبێلەکەیەوە، ئەوا پارەکەی بەم شێوەیەی لێدێت:

لە هەولێر: 50 لیتر جۆری موحەسەن دەکاتە 117 هەزار و 500 دینار.

لە سلێمانی: 50 لیتر جۆری موحەسەن دەکاتە 87 هەزار و 500 دینار.

واتە شۆفێرێکی هەولێر بۆ پڕکردنی 50 لیتر بەنزینی موحەسەن، دەبێت (30 هەزار دینار) زیاتر بدات لەو پارەیەی کە شۆفێرێک لە سلێمانی دەیدات بۆ هەمان بڕ و هەمان جۆر.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح