"چینکۆکە" کێشە بۆ دروست کردوونەتەوە

جوتیاران گردبونەوەو رێگای سەرەکی خورماتوو و ناوچەی داودەیان داخست


سیروان خورشید – دوزخوماتوو

بەهۆی ئەو رێگری و بەربەستانەی لە بازگەی “چینکۆکە” لەناوچەی داودەی سنووری قەزای خورماتوو لە جوتیاران دەکرێت، ژمارەیەک لە جوتیارانی ناوچەکە گردبوونەوە و رێگای سەرەکی نێوان خورماتوو – داودەیان داخست و دەشڵێن تاوەکو چارەسەریان بۆ نەکرێت رێگاکە ناکەنەوە.

مەسعود نەجمەدین، سەرپەرشتیاری گردبوونەوەکە بە 964ـی راگەیاند، کێشە و گرفتەکانیان زۆرن، هەموو لە بازگەی چینکۆکە بۆیان دروستکراوە ە دەڵێت “بە زۆر پارەمان لێ وەردەگیرێت بەرامبەر رێگەپێدان بە بردنی بەروبوومەکانمان بۆ سایلۆی خورماتوو”.

وتیشی “ئێمە سوورین لەسەر هەڵوێستمان و لێرە ناڕۆین تاوەکو چارەسەری یەکجاری کێشەکانمان بۆ نەکرێت”.

964 پەیوەندی کرد بە یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، باسی لەوەکرد ​کێشەی سەرەکی ئەو جوتیارانەی لە بازگەی چینکۆکە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە سەر بە فەرمانگەی کشتوکاڵی ناحیەی سلێمان بەگن، بەڵام ئەو فەرمانگەیە ناوی جوتیارانی نەناردووە بۆ لایەنی پەیوەندیدار کە ژمارەیان 350 جوتیارە، بۆیە ئەم کێشەیەیان بۆ دروستبووە.

وتیشی، بەهۆی نەناردنی ناوی جوتیاران، لە سیستەمی تۆمارکردن و خشتەی وەرگرتنی گەنمدا ناویان نییە”.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن