بۆ نەهێشتنی رۆتین و خەرجی؛

زانکۆی سەڵاحەدین بنکەیەکی پشکنینی پزیشکیى بۆ خوێندکارانی قۆناغی یەکەم کردەوە

کاردۆست حسێن ـ هەولێر

بەمەبەستی کارئاسانی و نەهێشتنی رۆتین، زانکۆی سەڵاحەدین، بنکەیەکی تەندروستی تایبەت بە پشکنینی پزیشکی بۆ خوێندکارانی وەرگیراوی قۆناغی یەکەم کردەوە.

بنکە تەندروستییەکە دەکەوێتە ناو کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان. بڕیاریشە بۆ زیاتر ئاسانکاریکردن و گەڕاندنەوەی کات بۆ خوێندکاران، لە داهاتوودا بنکەی هاوشێوە لە کۆلێژەکانی دیکەی زانکۆکەش بکرێنەوە.

سامان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە 964ـى راگەیاند، سەرجەم پشکنینەکان لەم بنکەیەدا بێبەرامبەرن و وتی، “پشکنینەکان بە خۆڕایین، لێرەدا پشکنینی چاو و پێست دەکرێت، هەروەها هەر پشکنینێکی دیکەش کە بۆ خوێندکار پێویست بکات ئەنجام دەدرێت.”

کردنەوەی ئەم بنکەیە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رۆتین و لابردنی ئەو بارگرانییە داراییەی کە پێشتر دەکەوتە سەر شانی خوێندکاران، بەهۆی ئەوەی ناچاربوون بەشێک لە پشکنینەکانیان لە نەخۆشخانە و تاقیگە تایبەتەکاندا بکەن.

لەبارەی ئەو پشکنینانەی کە رەنگە لە بنکەکەدا بەردەست نەبن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین روونیکردەوە: “ئەگەر لێرە پشکنینێک ئەنجام نەدرێت، ئەوا نووسراوی فەرمی بۆ نەخۆشخانەکان دەکەین، بۆ ئەوەی خوێندکارەکە لەوێ بەبێ سەرەگرتن و چاوەڕوانی پشکنینەکەی بۆ بکرێت.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح