لەبەرچاوی خۆیان سێ منداڵیان خنکان
دیسان ئاوی نێوان تورکیا و یۆنان پرسەی خستەناو خێزانێکی کوردەوە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دیسان ئاوی نێوان تورکیا و یۆنان پرسەی خستەناو خێزانێکی کوردەوە و گیانی سێ منداڵی پڕ لەهیوای ستاند.
سێ رۆژ لەمەوبەر خێزانێکی پێنج کەسی لە سلێمانییەوە و بەئومێدی گەیشتن بە ئەوروپا سواری تەیارە بوون و بەرەوە ئیستەنبوڵ بەڕێکەوتن، بەڵام لەپڕ خانەوادەکەیان خەبەرێکی دڵتەزێنیان بۆ هات و پێیان وترا کە لە ئاوی نێوان ئەدەنە بۆ یۆنان چوپەکەیان نوقمی ئاو بووە و سێ منداڵیان خنکاوە، تەنیا دایک و باوکی منداڵەکان دەربازیان بووە و لە تورکیا دەستگیر کراون.
بەرزان رەزا خاڵی منداڵەکان بەدڵێکی پڕەوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بەردەوام لە پەیوەندی دابووم لەگەڵیان، دوێنێ ئێوارە، هەرێمی زاوام تەلەفۆنی بۆ کردم و بەگریانەوە وتی، فریامان کەوێ، چوپەکەمان هەڵگەڕایەوە و هەر سێ منداڵەکەم ئاوبردی”.
وەک ئەو خانەوادەیە باسی دەکەن، سەرەتا قاچاخچییەکە راستی پێ نەوتوون و پێیان وتراوە، کە ئەو رێگایەی دێتەبەریان، ئاوی زۆر نییە و ئەو شوێنەشی پیایدا دەپەڕنەوە، ئاوەکەی زۆر تەنکە و ئاستی کەمە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری