ژنێکی عامودا
خەونی خوێندنی لە پیریدا بەدی هێنا
ئیبراهیم حەسەن – عامودا
دورا کانرێش، ژنێکی تەمەن 66 ساڵی عامودایە لە رۆژئاوای کوردستان، دوای ساڵانێک بێبەشبوون لە خوێندن، لە تەمەنێکی پیریدا گەڕاوەتەوە بۆ قوتابخانە تا خەونە منداڵییەکەی بەدی بهێنێت.
دورا دەڵێت، لە منداڵیدا بەهۆی بۆچوونە کۆمەڵایەتی و دینییەکانی ئەو سەردەمە نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە، لە کاتێکدا کوڕەکانی هەندێک لە شێخ و مەلاکان دەچوونە خوێندن.
لەو کاتەدا زۆر حەزی لە خوێندن بووە و تەنانەت کاتێک قوتابییەکانی قوتابخانەی نزیک ماڵەکەی دەگەڕانەوە، بە دەفتەر و قەڵەمەوە بەدوایاندا دەڕۆیشت تا هەست بکات ئەویش قوتابییەکە لەوان.
بەڵام، ئەو خەونە لە دڵی دورادا نەماوە و ساڵانێک دواتر، کاتێک قوتابخانەی “مەلای جزیری” لە عامودا کرایەوە، دەستی بە فێربوونی زمانی کوردی کرد.
ئێستا دورا لەگەڵ قوتابییە بچووکەکان دادەنیشێت و فێری کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەبێت و ئاواتی فێربوونی زمانەکانی تریشی هەیە.
ئەو پەیامێکی سادەی هەیە، “مادام عەقڵ و چاو و زمانم هەبێت، هیچ شتێک بۆ من مەحاڵ نییە”.
دورا دەڵێت، تەمەن نابێتە بەربەستێک بۆ فێربوون و مرۆڤ دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا دەست بە خوێندنەوە و فێربوون بکات، ئەگەر ئارەزوو و ئیرادەی هەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا