لەسەر دروستکردنى عەلوەیەکى نوێ

گرژی لەنێوان کاسبکارانی عەلوەی کەرکوک و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو


کاروان ساڵحى- کەرکوک

بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی پرۆژەی دروستکردنی “عەلوەی شیمالی”، دەیان کاسبکاری عەلوەی کەرکوک خێوەتیان لەبەردەم بینای شارەوانی هەڵدا، بەڵام هەوڵی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بۆ هەڵگرتنی خێوەتەکە بە بیانووی بێ مۆڵەتی، گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

رەتیدەکەنەوە بچنە عەلوە نوێیەکە و داواکارن ئیدارەی پارێزگاکە پرۆژەکە رابگرێت. ئەوان دەڵێن، پێشتر لە بازاڕی خانخورماوە گواستراونەتەوە بۆ “عەلوەی نموونەیی” و بە کردنەوەی عەلوەیەکی دیکە، بازاڕەکەیان پەرتەوازە دەبێت.

کاسبکاران هۆشداری دەدەن کە بژێویی سەدان خێزان لە مەترسیدایە، چونکە لە عەلوەکەی ئێستادا 300 دوکان هەیە، کە بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ 300 کاسبکار، 500 کرێکار و 500 شۆفێر و چەندین خێزان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح