شارەوانیی سلێمانی روونکردنەوە لەسەر رووخاندنی کەپرێک دەدات

“کاسبکارەکە گوێی بە شارەوانی نەداوە”

دیلان محەمەدجەزا

شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەو کەپرەی کاسبکارەکەی گەڕەکی سەروەری کە دوێنێ رووخێندراوە، بە زیادەڕۆیی دروست کراوە و پێشتریش خاوەنەکەی ئاگادار کراوەتەوە.

تۆڕی 964 ئەمڕۆ دووشەممە 18.5.2026 ناڕەزایی ئەو هاوڵاتییەی گەیاندە شارەوانیی سلێمانی، لەوێ وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئەنجومەن حوسێن روونکردنەوەی لەسەر بابەتەکە دا و رایگەیاند، کەپرەکە بە شێوەیەکی زیادەڕۆ دروست کراوە و ئەمەش بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و رێنماییەکانی شارەوانی قەدەغەیە.

وتیشی، پێشتر کاسبکارەکە ئاگادارکرابووەوە کەپرەکەی لاببات، بەڵام دیارە ئەو گوێی پێنەداوە، بۆیە تیمەکانی شارەوانی رووخاندوویانە.

هەردی هادی، خاوەنی کەپرەکە دوێنێ بە 964ـی راگەیاندبوو، پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادارکراوەتەوە کەپرەکەی لە شوێنێکی زیادەڕەویدایە، بۆیە ئەویش هەوڵیداوە لە رێگەی پارێزەرەوە مۆڵەتی بەکرێدانی بۆ وەربگرین.

شارا جەمال، کە هاوسەری هەردییە، ئەویش بە 964ی وتبوو، جگە لە کەپرەکەی ئەوان، لەو شەقامەدا، چەند کەپر و کۆشکی دیکەی لێیە و تەنیا کەپرەکەی ئەوا رووخێندراوە، کە بژێوی ژیانیان لەوێ دابین دەکرد و پارەیان بۆ دروستکردنی قەرز کردووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا