دەڵێن حکومەت هاوکاریی نەکردوون
جووتیاران دەستیان بە دروستکردنی نەوار و گۆل کرد
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە دەشتی شارەزوور و لەسەر جووتسایدی سلێمانی بۆ ھەڵەبجە، لە دوو دۆنم زەوی تا 100دۆنم و بەپێی توانایان، جووتیاران دەستیان بە دروستکردنی نەوار و گۆل کرد بۆ پێگەیاندنی بەرھەمی خۆماڵی.
بە سوودوەرگرتن لە تەکنیکی نوێ، جووتیارەکان بە (شەتڵ، نایلۆن و دنک) لە کاتی جیاوازدا، تۆوی ھەریەک لە بەرھەمەکانی (شووتی، کاڵەک، تەماتە و خەیار) دەچێنن.
ئەمرۆ ھەینی 17.3.2023 بەرھەم حەسەنی جووتیار بە تۆڕی 964ی وت، “جووتیاران لەگەڵ وەرزی بارانباریندا ئامادەکارییان لە زەوییەکاندا کرد، ھەر جووتیارە و بە پێی توانای خۆی دەستی بە چاندنی تۆو كردووه و سەمادی بەرھەمە خۆماڵییەکانیشیان لە وڵاتی ئێران ھاوردەکراوە”.
“ھێنانی سەماد و کەرەستەکانمان گومرگی زۆری خراوەتەسەر، پێشتر یەک فەردە سەماد بە 13ھەزار دینار بوو، ئێستا لە 42 ھەزار دینارەوە تا 65 ھەزار پێمان دەفرۆشرن، بۆ بەرھەمی شووتیش نرخی سەمادەکەی لە 88 ھەزار دینار بۆ 95 ھەزار دینارە”، بەرھەم حەسەن وای وت.
بە وتەی ئەو جووتیاره، حکومەت لەم رووەوە ھاوکاریی نەکردوون، یان تێچووی بەشێکی خەرجی سەمادەکەی لە ئەستۆ نهگرتووه، وتیشی، “جووتیار كاتێک سەماد یان کەرەستە لە دەرەوە دەھێنێت، گومرگی لێی وەردەگیرێت و وەک بازرگان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت”.
راخستن و دانانی نایلۆن لەسەر بەرھەمەکان بۆ پاراستنیانە لە سەرما و تەرزە و مێروو، تا ئەو کاتەی گوڵ دەکات و دەست بە بەرھەم دەکات، بەرھەمی دەشتەكه بە جۆرێکە تا کاتی پێگەشتنی، نرخیش بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و تا سێ بۆ شەش مانگ ھاوڵاتیان بە نرخێکی ھەرزان ئەو بەرھەمانە دەکڕن.
فەرەیدوون حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بۆ تۆڕی 964 دهڵێت، “تا ئێستا ئامارێکی دروستمان نییە، کە چەند رووبەری کشتوکاڵی بە بەرھەمی خۆماڵی دەچێندرێت، راستییهكهی ئێمە وەک پێویست نەماتوانیوە ھاوکاریی ئەو جووتیارانە بكهین”.
ئەو، ھۆکارەکەی بۆ نەبوونی پارە و سووتەمەنی گەڕاندەوە، کە بووهتە رێگرێکی گەورە لە بەردەم کارەکانیاندا، بەڵام لە رێگەی تۆڕی 964ـوە بەڵێنی ئەوەی دا پاش پشووەکانی جەژنی نەورۆز جووتیارەکان بەسەر بکەنەوە و داتا و ئامار له بارهی بەرھەمەکانیان كۆبكهنهوه.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵڵا