16 ناوەند و 33 کەسایەتی دیاریان کردووە
ئەمڕۆ رۆژی دەستنووس و بەڵگەنامەکانی کوردستان
فەرهاد حەسەن
رۆژی 22ی ئایاری هەموو ساڵێك بە رۆژێکی تایبەت داندراوە بۆ دەستنووس و بەڵگەنامە کوردییەکانی کوردستان، وەکو هەوڵێک بۆ پاراستنیان و دوورخستنەوەیان لە مەترسی فەوتانیان.
رۆژی 22.5.2022 شازدە ناوەندی کلتووری و 33 کەسایەتیی پسپۆر و شارەزا لە بەڵگەنامە و دەستنووس، راگەیەندراوێکیان بە سێ شێوەزاری سۆرانی، کرمانجی و هەورامی دەرکرد و ئەم رۆژەیان دیاریکرد.
بەپێی راگەیەندراوەکەیان، دەستنووس و بەڵگەنامەکانی کوردستان سامانێکی هەرەگەورەی نەتەوەیی گەلی کوردن، لە ماوەی دەیان ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا وێڕای خزمەتی خۆبەخشانە بەڵام هێشتا گەردی بێنازیی لەسەر دەستنووس و بەڵگەنامەی کوردستان نەسڕاوەتەوە و رۆژبەڕۆژ مەترسیی فەوتان و لەناوچوونی رێژەیەکی زۆری دەستنووس و بەڵگەنامە لە ئارادایە.
لە روانگەی ئەو ناوەند و کەسایەتییانەوە، پێویستە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە دەستنووس و بەڵگەنامەبپارێزن بە موڵکی خۆیان بزانن.
باسیان لەوەشکردووە، کە نموونەی کۆنترین دەستنووس و بەڵگەنامەیەک کە لە کوردستاندا نووسراوە و ساغ ماوەتەوە و رێکەوتی مانگ و ساڵی نووسینەکەی پێوە ماوە، یەکێک لە قەواڵەکانی هەورامانە کە لەسەر چەرم (پێستی ئاژەڵ) نووسراوە. رێکەوت سەر قەواڵەی ناوبراو مانگی (وەرتەت)ی ساڵی 300ی ئەشکانییە، ساڵی 300ی ئەشکانی بەرامبەرە بە ساڵی 688ی کوردی و ساڵی 12ی پێش زایین. مانگی وەرتەت لە رۆژمێری ئەشکانیدا سێیەمین مانگی ساڵ و مانگی کۆتایی وەرزی بەهارە، واتا مانگی جۆزەردانی کوردی بەرامبەر بە مانگی مەی لە ساڵی زایینی.