لە پێنج مانگدا

لە دهۆک 295 رووداو زیاتر لە دوو ملیار زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە

ئەحمەد مستەفا

لە پێنج مانگی رابردووە رووداوەکان ئاگرکەوتنەوە، لافاو و هاتوچۆ  کە 295 رووداو بوون، بەهۆیانەوە زیانە ماددییە خەمڵێندراوەکان دوو ملیار دیناری عێراقییان تێپەڕاندووە.

ئەو رووداوانە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای دهۆک روویان داوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.5.2026، بێوار عەبدولعەزیز، لە راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆک بە میدیاکانی وت، رووداوەکان 156 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و 19 رووداوی لافاو و لێزمەباران بوون، لە کاتێکدا 120 حاڵەتەکەی دیکە لە نێوان رووداوەکانی هاتوچۆ روویان داوە.

بەهۆی سەرجەم رووداوەکانەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، بە شێوەیەک کە چوار لەوانە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە سوتاون، حاڵەتی پێنجەمیش بەهۆی خنکانەوە بووە لە ناو یەکێک لە بەنداوەکانی پارێزگاکە.

بەهای خەمڵێندراوی زیانە ماددییەکان گەیشتووەتە دوو ملیار و 150 ملیۆن دیناری عێراقی.

راگەیاندنەی بەرگری شارستانی دهۆک داوای لە هاوڵاتییان کرد، بە تەواوی پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی گشتی و رێکارەکانی خۆپارێزی بن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوە کارەساتبارەکان.